شوێن: نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرسکردن
فایبرۆسكان ڕێگایەكی نانەشتەرگەریی و خێراو بێ ئازارە بۆ پێوانی هەڵئاوسان و برینی جگەر یان ئەو بەڕیشاڵبوونەی بە هۆی نەخۆشیە جیاوازەكانی جگەرەوە ڕوودەدات. پرۆسەكە تەنیا 5 بۆ 7 خولەكی پێ دەچێت بێ ئەوەی پێویستیی بەهیچ سڕكردنێك هەبێت چونكە پشكنینێكی بێ ئازارە. هەروەها ئەم پڕۆسەیە ئاسانە هیچ كاریگەرییەكی لاوەكیی نییە. ئەنجامەكانی هەمان ڕۆژ دەردەچن و وەردەگیرێن.
پزیشكەكەت كاتێك ئەم پشكنینەت بۆ پێشنیار دەكات كە یەكێك لەم نەخۆشییە درێژخایەنانەی جگەرت هەبێت:
- هەوكردنی جگەری جۆری ب
- هەوكردنی جگەری جۆری سی
- نەخۆشییە كحولییەكانی جگەر (بە هۆی خواردنەوەوە)
- هەوكردنی جگەری چەوری ناكحولیی (ناش - NASH)
- هەوكردنی جگەری خودبەرگریی
- نەخۆشییە بۆماوەییەكان وەكو نیشتنی ڕەنگەكانی خوێنیان نەخۆشی ویڵسن.
- بەڕیشاڵبوونی جگەر
ئەوەی پێشبینیی دەكەیت چییە كاتێك دەگەیتە شوێنی پشكنینەکە؟
- پلان دابنێ زوو بگەیتە شوێنی پشكنینەكە پێش وادەی ئەنجامدانی دیارییکراوت
- لەبەر ئەوەی ئەم پشكنینە بێ ئازارە هیچ جۆرە سڕ كردنێكی ناوێت
- هەموو پشكنینەكە نزیكەی 5 بۆ 7 خولەكی پێ دەچێت
- بۆ ئەنجامدانی پشكنینەكە، تەخت لەسەر پشتت دەكەویت و دەستی ڕاستت بەرزدەكەیتەوە بۆ پشت سەرت و بەشی ڕاستی سكت دەردەخرێت.
- پزیشکەکە جێڵێكی وەكو ئاو دەدات لەپێستت و هەستەوەرێكی بێ بریندارکردن دەنوسێنێت بە جگەرتەوە.
- لەكاتی پشكنینەكەدا هەست بە لەرینەوەیەكی هێواش دەكەیت لە سەر پێستت لە دەوری هەستەوەرەكە لەبەر ئەوەی شەپۆلی سەروو دەنگیی دەنێرێت بۆ ناوچەكە بەمەبەستی پێوانەکردن.